بنكەی فەرهەنگی و هونەری ئەدەبی موكریانی مەهاباد(ئەنجومەن ئەدەبیی مەهاباد)، ڕۆژی چوارشەممۆ ڕێكەوتی 4 ی سەرماوەز 1394 ی هەتاوی كۆڕی پەردەلادان لە سەر پێنج كتێب لە نووسین و وەرگێڕانی نووسەرانی هێژا؛

ـ عەبدوڵڵا عەبدوڵڵازادە / فەرهەنگی "ژیان" ئینگلیسی، كوردی، فارسی

ـ خاتوو گوڵاڵە ستاوەند/ "پیلان" و "كەری نەزان" ئەدەبیاتی منداڵان

ـ زانیار قادرزادە / وەرگێڕانی دوو كتێبی "سێحربازی بچكۆلانە" لە نووسینی ئوتفڕید پڕۆیسلێڕ و هەروەها كتێبی "نیكۆلاس نیكڵبی"لە نووسینی چارڵز دیكێنز. وەڕێخست.

 

سەرەتا لە لایەن پێشكەشكاری بەرنامە؛ محەممەد ئەمین قازی بە ناوی ئەنجومەنەوە بەخێرهاتن‌كردنی میوانان و بەشداربووانی ناو سالۆنی كرد پاشان پەیامی ئەنجومەن لە لایەن شەویار گولابی‌ئازەر پێشكەش كرا.

 

لە درێژەی كۆڕەكەدا دانیشتنێكی تایبەت بۆ بەڕێزان دوكتور ئەحمەد ئەحمەدیان و دوكتور خالەق جەلیل‌نیژاد بۆ تاوتوێ‌كردنی بەرهەمەكان تەرخان كرا، سەرەتا دوكتور ئەحمەدیان باسێكی تێروتەسەلی لە سەر خاڵە بەهێز و لاوازەكانی فەرهەنگی ژیان كرد و دواتر ئاماژەیەكی تایبەتی بە چۆنیەتی شێوازی فەرهەنگ‌نووسی لە ئەدەبیاتی كوردی‌دا كرد. پاشان دوكتور جەلیل‌نیژاد لە دوو بەشی جیاوازدا لە سەر فەرهەنگی ژیان و وەرگێڕانی دوو كتێبەكەی زانیار قادرزادە تیشكی خستە سەر هەندێ بابەتی تایبەت، كە سەرەتا بابەتێكی لە ژێر ناوی "مەعرەفەت‌شناسی بنەماكانی فەرهەنگ‌نووسی" پێشكەش كرد و دواتر چەند خاڵی گرینگی سەبارەت بە چۆنیەتی سەركەوتووبوونی زمانی وەرگێرانی زانیار قادرزادە هێنا بەر باس و شرۆڤەكردن. لە درێژەدا تریبوون تەرخان درا بە نووسەرانی كتێبەكان كە هەر یەك لە كاتی دیاریكراودا، وتەكانی خۆیان پێشكەشی بەشداربووان كرد. لە ناوئاخنی بەرنامەدا بۆ ڕێزگرتن لە ئەدەبیاتی منداڵان و ماندووبوونی خاتوو گوڵاڵە ستاوەند، منداڵی ژیر؛ نازگوڵ مەعروفی شێعرێكی لە كتێبی پیلان خوێندەوە. پاشان كاك فەتاح محەممەدنیژاد بە نوێنەرایەتی لە لایەن پڕشنگی گەلاوێژی شنۆ چەند وتەیەكی سەبارەت بە بایخ‌دان بە كتێب و كتێب‌خوێندنەوە خستە بەرباس و لێكۆڵینەوە. لە كۆتایی‌دا خەڵاتی ڕێزلێنانی بنكەی فەرهەنگی و هونەری ئەدەبی موكریانی مەهاباد، شووڕای ئیسلامی شاری مەهاباد و هەروەها پڕشنگی گەلاوێژ لە لایەن بەڕێزان؛ ڕێزدار قادر مورادی بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی شاری مەهاباد، عەلێ‌ڕەزا محەممەدنیژاد بە نوێنەرایەتی لە لایەن بنكەی پڕشنگی گەلاوێژ، سەید ڕەسووڵ نەبەوی بە نوێنەرایەتی شوورای ئیسلامی شاری مەهاباد، كاك كەماڵ مەولوودپوور هاوڕێ و هاوكاری بەردەوامی ئەنجوومەن ئەدەبی، سەلاح پایانیانی بەرپرسی هونەرسەرای هێمن، كاك ڕەسووڵ ئامادەپوور و خاتوو فەوزییە یاهوو بە نوێنەرایەتی ئەنجوومەن ئەدەبی، ئیبراهیم ئیسماعیل‌پوور بە نوێنەرایەتی لە لایەن میوانانی سەقز، پێشكەشی نووسەرە بەرێزەكان كرا. لە درێژەدا دەستەگوڵی دیاری لە لایەن بنەماڵەی ئەسحابی و نەوایی پێشكەشی بەڕێز عەبدوڵڵا عەبدوڵڵازادە كرا. جێی ئاماژەیە لە لایەن پڕشنگی گەلاوێژەوە بەرێز قادر ڕەسووڵ‌فات خەڵاتی ڕێزلێنانی ئەم ناوەندەی بەخشییە ئەنجومەن ئەدەبی مەهاباد كە سالار پوورمەند ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجومەن خەڵاتەكەی لە دەستی بەڕێزیان وەرگرت. پاشان نوێنەرانی تایبەتی و نووسەری بەرهەمەكان لە ڕێ‌وڕەسمی پەردەلادان‌دا، پەردەیان لە سەر هەر پێنج كتێب لا دا و بەشداربووان بە پێشوازی‌كردن لە كڕینی كتێب‌ و واژۆوەرگرتنی یادگاری لە نووسەران، بەرنامەكە لە ناو ئاپۆرای گەرمی بەشداربووانەوە لە كەش‌هەوایەكی دۆستانەدا، كۆتایی پێهات.

 

شایان باسە بە ناوی بنكەی فەرهەنگی و هونەری ئەدەبی موكریانی مەهاباد(ئەنجومەن ئەدەبیی مەهاباد) سپاس و پێزانینی تایبەتی خۆمان پێشكەشی هەموو ئەم ناوەند و بەڕێزانە بكەین كە بۆ ڕێكخستنی ئەو بەرنامە هاوڕێ و هاوكارمان بوون كە بریتین لە بەرێزان؛ ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی شاری مەهاباد، شووڕای ئیسلامی شار،ئومید خاكپوور دێكۆر و نوور، كەیوان مەولوودزادە دەنگ‌هەڵگرەوە، عەلی بایزیدی هاوڕێ و هاوكاری دیكۆر و ڕازاندنەوەی ساڵۆن، ئازاد وەتمانی فیلم‌هەڵگر، فیلم‌هەڵگری سیما زاگرس ، بێهروز جولفایی‌ئازەر و پۆڵا ئاغاز وێنەگر، هەرمان وەتمانی، فەرزاد سامانی، خاتوو سەیران چووپان، خاتوو سەیران بەختیارپوور، سامڕەند ئەحمەدزادە، جەلال ئەحمەدی و هەموو ئەندامانی زەحمەتكێشی ئەنجوومەن.